ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی دەوروبەری نۆدشە + وێنـــە

23:13 - 23 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: سروشت و دارستانەکانی دوروبەری شاری نۆدشە لە ناوچەی هەورامان، بەهۆی ئاگرکەتنەوە بەرەڕووی زیانێکی بەرچاو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ بەشێکی بەرچاو لە دارستان و لەوڕگەکانی دەوروبەری جاددەی \"نۆدشە - مەریوان\" لە نزیکی \"هانەو دەشتێ\" لە ئاگردا سووتان.

بەهۆی خێــرایی با، ئەو ئاگرکەتنەوە زیاتر تەشەنەی ئەستاند و رووبەرێکی بەرچاو لە دارستانەکانی ناوچەی \"هانەو دەشتێ\" و \"دەربەن\" کە زیاتر دارەکانی \"گۆیژ، وەن و بەڕوو\"ی لە خۆ گرتووە، لە ناوچوون.

دەگوترێت ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی رۆژی رابردوو لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگە پارێزانی شاری نۆدشەوە لە کاتی نیوە شەودا کۆنتڕۆڵ کرا.

لەلایەکی دیکەوەو بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی بەرینایی ئاگرکەوتنەوەکە و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست، مەئموورانی شارەوانی لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە پاشەکشەیان کرد، بەڵام لاوانی شاری نۆدشە توانیان پارێزگاری لە ژینگەی شارەکەیان بکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ٥٢٥ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئوستانی کرماشان لە ئاگردا سووتاون.
\"13938.jpg\"

\"13939.jpg\"