ئاماری مردنی کرێکاران لە کوردستان لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا

14:11 - 8 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی مانگی رەشەمەی ئەو ساڵە، سەرجەم ٢٩ کرێکاری کورد تەنیا لە ئوستانی کوردستان لە رووداوی جۆراوجۆردا بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوێدا ٢٩ کرێکاری کورد لە ئوستانی کوردستان لە رووداوی جیاجیادا گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارە ٥ کەسیان لە رێگەی هاتوچۆ کردن بۆسەر کار یان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە رووداوی هاتووچۆدا بوونەتە قوربانی و ٢٤ کەسیش کەسی دیکەش بەهۆی روداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٢ کرێکاری دیکەش بەهۆی گیروگرفت و كێشەی ئابوورییەوە دەستیان داوەتە خۆكوژی و كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەم ئامارە نیشاندەری رێژەی مردنی کرێکارانی ئۆستانی کوردستانە و ئاماری مردنی کرێکارانی لە ئوستانەکانی کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی رۆژئاوای لە خۆ نەگرتووە.

هەروەها ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی دەنگدانەوە لە میدیاکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ئاماری دژبەیەکی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران

\"12295.jpg\"
هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی بانەمەڕ بەرپرسی ئیدارەی \"تەعاون و ئاسایشی کۆمەڵایەتی\"ی ئوستانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هەواڵدەریی کاری ئێران \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە، کەلە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ٢٦ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە کە ٦٠%ی ئەو رووداوانە لە پرۆژەکانی بنیاسازیدا هاتوونەتە ئاراوە.

مستەفا باغبان لە درێژەی ئەو لێدوانەدا رایگەیاندووە، کەلە ئوستانی کوردستاندا سەرجەم ٢٣٦ حاڵەت رووداوی کار روویداوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٤٩ حاڵەتیان لە بەشی بیناسازی هاتوونەتە ئاراوە و ٢٦ حاڵەتیشیاان مردنی کرێکارانی لێکەوتۆتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستۆتەروو کە تەنیا لە شاری سنەدا ١٣٠ کەس تووشی رووداوی کار بوون.

باغبان راشیگەیاندووە، بەگشتی لە ئوستانی کوردستاندا بەهۆی رووداوی کارەوە ٢١ کرێکار تووشی نوقسانی هاتوون و ١٤ کرێکاری دیکەش کەمئەندام بوون.

بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە لە کاتێک دایە کە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی رێکخراوی پزیشکی قانووونیی ئوستانی کوردستان لە ائمارێکدا بڵاوی کردەوە، کەلە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٤٢ کرێکاری کورد لە ئوستانی کوردستان بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ١٩ که‌س بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، ١٥ کەس بەهۆی بەرکەوتنی کەلوپەل و ٨ کەسیش بەهۆی برق گرتوویی و روداوی دیکەوە بوونتە قوربانی.

رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە راپۆرتێکی دیکەدا ئاشکرای کرد، کە لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١دا هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار ١ هەزار و ٥١٧ کرێکار لە وڵاتی ئێران کە ٢٠ کەسیان ژن بوون، بە هۆی رووداوی کارەوە بوونەتە قوربانی کە بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ١٤٧% رووی لە زیادبوون کردووە.