ئاسەوارە مێژوویی و كەوناراییەكانی كەنگاوەر لەبەرەبەریی لەناوچوون دان + وێنــە

13:49 - 10 رەزبەر 2713
ئاژانسی كوردپا: بەشێكی بەرچاو لە ئاسەوارە مێژوویی و شوێنە كەوناراییەكانی شارستانی كەنگاوەر لە ئوستانی كرماشان مەترسیی لە ناو چوونی ئێجگارەكییان لە گۆڕێ دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شارستانی كەنگاوەر بەهۆی هەبوونی چەندین دەسەڵاتداریەتی و هەروەها ناوەندی کۆمەڵێک ئایین و ئاییین‌زا لە چاخەکانی میژوودا، بە ناوچەیەکی مێژوویی و دێرین ئەژمار دەكرێت.

چالاکانی میرات فەرهەنگیی ئوستانی كرماشان لەو باوەڕەدان، كەمی بودجە، نەبوونی بەڕێوەبەرییەكی سەردەمیانە و كەمتەرخەمیی ئیدارەی میرات فەرهەنگی وای كردووە كە ژومارەیەک لەئاسەوارە بەنرخەكانی شارستانی كەنگاوەر مەترسیی لەناو چوونیان لەسەر بێت.

پەرەستگەی ئاناهیتا، بینای حەمامەكانی تەوەكول، ئەسغەرخان و حەمامی گەورە و هەروەها بینای \"قمر خانم\" ( ساری ئەسڵانەكان) ئەو چەند شوێنە مێژووییە بەنرخەن كە مەترسیی فەوتانیان لێ‌دەكرێ‌.

بەوتەی چالاكانی فەرهەنگی، ئەو شوێنە مێژووییانە وەكوو ئاسەوارەكانی \"میللی\" لە ئێرندا تۆمار كراون، بەڵام تەنیا ناویان لە چوارچێوەی ئاسەواردا قەتیس ماوەتەوە.

لە ناو ئەو ئاسەوارانەدا، پەرەستگەی ئاناهیتا بەرچاوە و مێژووی دروست كردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی ساسانییەكان و بەدووەمین بینای بەردینی لەپاش تەختی جەمشید لەشیراز، دێتە ئەژمار.

مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەپێی ئەوەی‌كە دەورووبەری ئەو پەرەستگەیە كانیاو و ئاوی زۆری لێبووە، ناوی \"ئاناهیتا\"ی لێنراوە و ئاناهیتا بە مانای، پاسەوانی ئاوا یان فریشتە دێت.
\"15760.jpg\"

\"15763.jpg\"

\"15764.jpg\"

\"15761.jpg\"

\"15762.jpg\"