ئازاد کرانی زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواو کردنی حوکمەکەی + وێنــه

13:40 - 14 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەئوستانی کرماشان، پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی رەزبەری زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \"هەمزە سوڵتانی\" پاش چوار ساڵ زیندانی کران و تەواو کردنی حوکمەکەی، لەزیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

\"15848.jpg\"
هەمزە سوڵتانی پاش چوار ساڵ زیندانی کران و تەواو کردنی حوکمەکەی، لەزیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئازاد کرا.
لەماوەی یەک مانگی رابردوودا کۆمەڵێک لەزیندانیانی وڵاتی ئێـرانی کە سەرجەمیان سەربە باڵی رێفۆرمخواز بوون، بەبڕیاری رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانەکان ئازاد کران، بەڵام ئەو بڕیارە هیچکام لە زیندانییانی سیاسیی سەربە نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی نەگرتەوە.

هەنووکە دەیان هاووڵاتیی کوردی وەک \" عەدنان حەسەنپوور و محەمەمد سەدیق کەبوودوەند\" لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانی درێژ ماوە مەحکووم کراون و هەنووکە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لەزیندانیانی سیاسیی کورد لەکاتێکدا کە بەر یاسای ئازادیی مەرجدار( مشروط)‌ی زیندانیان دەکەون، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی بەربەست دەبنەوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا سەرلە نوێ پەروەندە سازییان بۆ دەکرێتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و چەند رۆژ پێش ئێستا دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"نێعمەت ئیسحاقی خەڵکی کامیاران و \"سۆران کەسنەزانی\" پاش ئەوەی لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بڕیاری ئازاد کرانیان درا، ناوەندە ئەمنیەکان رێگرییان لە ئازاد کردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کرد.

هەنووکە زیندانیانی سیاسیی کورد تەنیا لەئەگەری تەوابوونی حوکمەکانیان لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن.