306 ژنی كوردستانی ئێران بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە پەرتەوازەی هەرێمی كوردستان بوون

13:50 - 29 سەرماوەز 2711
كوردپا: بارودۆخی ئەستەمی ژیان و كێشەی كۆمەڵایەتیی و سیاسی ئێران وایكردووە كە ژنان بە تایبەتی ژنانی كورد وڵاتێكی دیكە بۆ ژیانی خۆیان هەڵبژێرن.

بەپێی ئاماری ئاسایشی گشتیی هەولێر، لە سەرەتای ساڵی 2011 وە هەتا ئێستا زیاتر لە 306 ژنی كوردستانی ئێران بە هۆی كێشەی سیاسی و كۆمەڵاتییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

شەنگڵ شەریف لێپرسراوی كاروباری ئێرانییەكان لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بە ماڵپەڕی \"وارڤین\"ی راگەیاندووە، بەشێكی زۆر لەو ژنانەی كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ كێشەی نیشتەجێبوون بەرەوڕوو دەبنەوە و بە ناچاری و بۆ دابین كردنی شوێنی پشوودانیان روو دەكەنە لەش فرۆشی.

ئەو لێپرسراوە وتیشی، زۆربەی ئەو كەسانەی كە پشتگیری ژنانی ئێرانی بە مەبەستی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەن دواتر داوای كاری جنسیان لێدەكەن.

سەرچاوەكە وتیشی، هەتا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی كوردستانی ئێران بە هۆی پشتگیری نەكردنیان، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دیپۆرتی ئێران كراونەتەوە.

هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردووە وەك پەناگەیەگ بووە بۆ ئەو ژانەی كە بە هۆی بێدەرەتانی و كێشەی كۆمەڵایەتییەوە روو دەكەنە ئەو هەرێمە.