بانە؛ ماردین ئەحەدی، لاوی کورد و سەربازی زۆرەملێ، لە تێکهەڵچوونەکەی بازگەی بانەدا کوژرا

17:21 - 7 پووشپەڕ 2726

٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە خاڵی پشکنین لەسەر ڕێگەی بانە بۆ سەقز کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی ٥ کەسی دیکە لە هێزە نیزامی و ئینتیزامییەکان، ڕاپۆرتەکان کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە "ماردین ئەحەدی" کە لە هێزی ئینتیزامیدا سەرقاڵی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە، ناسنامەی یەکێک لە کوژراوانی ئەم تێکهەڵچوونەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ "ماردین ئەحەدی" کوڕی شیرین و زاهید، خەڵکی سەقز، کە وەک سەرباز لە هێزی ئینتیزامیدا ناچار بە ئەنجامدانی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە، لەم تێکهەڵچوونەدا گیانی لەدەست داوە. تەرمەکەی ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بە خاک سپێردرا.

شەوی هەینی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە هێرشی "گرووپێکی چەکداری نەناسراو" بۆ سەر خاڵی پشکنینی بانە لەسەر ڕێگەی بانە–سەقز، ئەم خاڵە کرایە ئامانجی هێرشەکە کە بووە هۆی تێکهەڵچوونی چەکداری. ئاژانسە هەواڵییەکانی حکوومەت لەوانە تەسنیم بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویانە کە لەم تێکهەڵچوونەدا ٢ هێزی نیزامی کوژراون و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە کوردپا، ناسنامەی یەکێک لە هێزە نیزامییە کوژراوەکان "محەممەد حوسێن‌بەیگی" گرووبان یەکەم بووە.

تاکوو ئێستا هیچ گرووپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ. ئاژانسە هەواڵییەکانی حکوومەتیش لەوانە تەسنیم بە بێ ئاماژەکردن بە ناوی هیچ گرووپ یان کەسانێک، ئەم هێرشەیان داوەتە پاڵ "کەسانی چەکداری دژە شۆڕش" و نووسیویانە ئەم تێکهەڵچوونە بووەتە هۆی کوژرانی ٢ کەس و برینداربوونی ٥ کەسی دیکە، کە لەم نێوانەدا ٢ کەس لە کوژراوەکان و ٢ کەس لە بریندارەکان لە هێزەکانی هێزی ئینتیزامی و ٣ کەسی دیکە لە بریندارەکان لە ئەندامانی سپای پاسداران و کەسانی مەدەنی بوون.

لە ئێراندا، بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت بەندەکانی ١ و ٢ی "یاسای خزمەتی ئەرکی گشتی"، خزمەتی سەربازی بۆ ئەو پیاوانەی تەمەنی ١٨ ساڵییان تەواو دەکەن زۆرەملێیە. هەروەها بەپێی ماددەی ٥ی ئەم یاسایە، شوێنی خزمەتەکە بە تەواوی زۆرەملێیە و سەرباز مافی هەڵبژاردنی نییە. بەپێی بەندی ١٠ی ئەم یاسایەش، لە ئەنجام نەدانی خزمەتی سەربازیدا، کەسەکان ڕووبەڕووی بێبەشبوون و قەدەغەکارییەکانی وەک دامەزراندنی فەرمی، چوونە دەرەوە لە وڵات، وەرگرتنی وام و یارمەتی دارایی لە بانکەکان، دەرکردنی مۆڵەتی کار یان ڕێپێدانی پیشەیی، وەرگرتنی بڕوانامەکانی خوێندن لە دیپلۆم بەرەو سەر، تۆمارکردن و گواستنەوەی مڵک و ماڵی و بڕوانامەی شۆفێری دەبنەوە.

خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا خولێکی خزمەتی نیزامی نییە، بەڵکوو بۆ زۆرێک لە لاوان، بەتایبەت هاووڵاتییانی کورد و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک گوشاری پێکهاتەیی، جیاکاری، سووکایەتی، بێبەشکردن و زیانی دەروونیدایە. ئامارە تۆمارکراوەکانی خۆکوژیی سەربازانی کورد، گێڕانەوە بەڵگەدارەکان لە بارودۆخی دژەمرۆیی پادگانەکان، ڕوانینی ئەمنی و تیرۆریست‌پێناسەکەرانە بەرامبەر بە سەربازانی کورد، بێبەشبوون لە مافە سەرەتایییەکان، گوشارە توندە دەروونییەکان، سنووردارکردنی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە، بێبایەخی بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی و نەبوونی مێکانیزمی سەربەخۆ بۆ ڕادەستکردنی سکاڵاکان، نیشانی دەدەن کە سەربازیی زۆرەملێ لە ئێراندا بۆ زۆرێک لە سەربازان بووەتە ئەزموونێکی تاقەتپڕووکێن و زیانبەخش. کۆی ئەم هۆکارانە، لە پاڵ سروشتی زۆرەملێی ئەم خزمەتە و نەبوونی پشتگیرییە کاریگەرەکان، سەربازانی خستووەتە بەر قەیرانی جیددیی دەروونی و پێویستیی پێداچوونەوەی بنەڕەتی لەم پێکهاتەیەدا و دەستەبەرکردنی مافە مرۆییەکانی سەربازانی زیاتر لە پێشوو ئاشکرا کردووە.

لەم پێوەندییەدا، ڕاپۆرتی ئاماریی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا و وتووێژی تایبەتی ئەو لەگەڵ کەیوان سەمەدی، وێنەیەکی ڕوون لە دۆخی سەربازانی کورد لە خزمەتی زۆرەملێدا دەخاتە ڕوو؛ شوێنێک کە بەپێی ئەم داتایانە، لانیکەم ٤١ حاڵەتی خۆکوژیی سەربازان تۆمار کراوە و هاوکات جیاکاریی پێکهاتەیی، گوشارە دەروونییەکان، ڕوانینی ئەمنی و بێبەشبوونی بەربڵاو لە درێژەی خزمەتی زۆرەملێدا وەک نەریتێکی دووبارەبووەوە بەڵگەمەند کراوە.