سنە؛ کوشتنی "مەهشید"، ژنی ترەنس بە چەقۆ، نیگەرانی لە جموجۆڵی "کەسانی توندئاژۆی سەلەفی" و بێدەنگیی حکوومەت
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کوشتنی ژنێکی ترەنسی کورد بە ناوی "مەهشید(ناوی ناسنامەکەی مەجیدە)" لە شاری سنە بە لێدانی چەقۆ، نیگەرانیی بەرچاوی لە نێوان کۆمەڵگەی ترەنسەکانی ئەم شارەدا دروس کرد و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە "کەسانی توندئاژۆی سەلەفی" لە پشت ئەم کارەن و دژی کەمینەکانی ئەم کۆمەڵگەیە خەریکی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێن.
ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥، "مەهشید" ژنی ترەنسی نزیکەی ٣٠ ساڵە، خەڵک و دانیشتووی گەڕەکی "گوڵشەن" لە شاری سنە و لە بنەماڵەیەکی کەمدەست، بە لێدانی بەردەوامی چەقۆ کوژرا. تەرمەکەی لە دەوروبەری "سێڕای جەهاد" لە ناوەندی شاری سنە و لەلایەن خەڵکەوە دۆزراوەتەوە و پاش ئامادەبوونی پۆلیس، ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.
تاکوو ئێستا شوناسی بکەر یان بکەرانی ئەم کوشتنە ڕوون نەبووەتەوە. بەم حاڵەوە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون، ئەگەری هەیە "کەسانی توندئاژۆی سەلەفی" لە شاری سنە لە پشت ئەم کوشتنە بن. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کوشتنی مەهشید نیگەرانی و ترسی خسستووەتە نێو کۆمەڵگەی ترەنسەکانی سنەوە.
هەروەها بیستراوەکان باس لە جموجۆڵی "کەسانی توندئاژۆی سەلەفی" دژی گرووپگەلێکی وەک کۆمەڵگەی (LGBTQ)دەکەن.
بەپێی ئەم زانیارییانە "کەسانی توندئاژۆی سەلەفی خەریکی فێرکارین تاکوو بەرەوڕووی کەسانی ترەنس و ئەو کەسانە ببنەوە کە لە بواری ماددەی هۆشبەردا چالاکی دەکەن." دەوترێت کە ئەم کەسانە ڕۆژانی هەینی لە شوێنێکی نزیک سنە بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی کۆ دەبنەوە.
سەرەڕای ئامادەبوونی پۆلیس لە شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە، میدیا فەرمی و حکوومەتییەکانی ئێران تاکوو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە قەتڵی ئەم ژنە ترەنسە بڵاو نەکردووەتەوە و هێشتا ڕوون نییە کە ئەم دۆسییەیە بە چ شێوەیەک بەدواداچوونی بۆ ئەکرێ.