قەزوێن؛ نازەنینزەهرا ئێسمیخانی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگی، ئەو وێنەگر و گیتاریست بوو
٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "نازەنینزەهرا ئێسمیخانی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵان و لە کوردەکانی قەزوێن، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبارە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "نازەنینزەهرا ئێسمیخانی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵان، وێنەگر و گیتاریست، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی "محەممەدییە"ی قەزوێن، بە شێوەی ئامانجدار بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
تەرمی "نازەنینزەهرا ئێسمیخانی" لە گۆڕستانێک لە قەزوێن بە خاک سپێردرا. ناوەندە ئەمنییەتیی و حکوومەتییەکان تەرمەکەیان بە ٣٠٠ میلیۆن تمەن پارە ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە، لە کاتی بەخاکسپاردنییەوە ەتاکوو ئێستا، بنەماڵەکەی بە چڕی لەژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان. هەروەها ڕاپۆرت دراوە کە لە قەزوێن، هێزە لیباس شەخسییەکان خۆیان وەکوو کەسانی سەر بە بنەماڵەی "نازەنینزەهرا ئێسمیخانی" بە بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی دیکە ناساندووە، چوونەتە ماڵەکانیان و بە مانەوەی چەند کاتژمێری، دەستیان بە چاوەدێریکردنی هاتوچۆکان و کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دۆخی ڕێوڕەسمەکانی پرسە و سەرەخۆشییەکان کردووە.