بەندیخانەی بۆجنوورد؛ ٣٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەمیرڕەزا فرووهەر
١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئەمیرڕەزا فرووهەر" لاوی ٢٠ ساڵان لە کوردە کرمانجەکانی بۆجنوورد، ناوبراو بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی لە بەندیخانەی بۆجنوورد لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی دۆخ و چارەنووسی ناوبراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەمیرڕەزا فرووهەر" ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو هەمان ڕۆژ پێوەندییەی کورتی تلفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت و ئەوانی لە دەسبەسەرکرانی خۆی ئاگادار کردەوە و پاش چەند ڕۆژ بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد ڕاگوێزرا. بەم حاڵەوە لە کاتی ڕاگواستنیەوە تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە مافی هەر چەشنە پێوەندی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە.
درێژەکێشانی ناڕوونیی چارەنووسی ئەم لاوە کوردە لە بەندیخانەی بۆجنوورد، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیان و چارەنووسی ناوبراوی بەدواوە بووە.