سیروان/ئیلام؛ ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو برای کورد

19:48 - 19 رێبەندان 2725

١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "هادی پۆرهێمەت" ٣٠ ساڵان و "قاسم پۆرهێمەت" ٣٧ ساڵان، دوو برای کوردی خەڵکی شاری "سیروان" سەر بە پارێزگای ئیلام، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکەیان بەجیددی نیگەرانی دۆخی کوڕەکانیانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ دوو برا ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. هادی پۆرهێمەت بە هێرشی توندوتیژی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە سیروان دەسبەسەر کرا و قاسم پۆرهێمەت لە شاری ئیلام دەسبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە، تاکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە نەدراوە و نزیکەکانیان بەجیددی نیگەرانی گیان و چارەنووسیانن.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ٢٨ی ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون و تەنیا یەک پێوەندیی تلفۆنیی کورتیاان لەگەڵ بنەماڵەکەیان هەبووە. درێژەکێشانی ناڕوونیی چارەنووسی ئەم دوو کوڕە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیان و چارەنووسیانی بەدواوە بووە.