ئێسفەراین؛ ڕەسووڵ جەعفەری، خوێندکاری کوردی کرمانج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگییە
١٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "ڕەسووڵ جەعفەری" لاوی ١٩ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی ئێسفەراین لە پارێزگای خوراسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێسفەراینە کە بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەلەکەی گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ڕەسووڵ جەعفەری" پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی"ی ئێسفەراین ڕاگوێزرا، بەڵام بە هۆی قووڵیی برینەکانی، سەرلەبەیانیی شەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ نزیکەی کاتژمێر ٣ گیانی لەدەست دا. تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە لەکاتێکدا کە قژەکانیان کورت کردبووەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەکەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە تاکوو وەکوو "شەهیدی حکوومەتی" بیناسێنن و لە ئاکامی ئەم گوشارەدا بنەماڵەکە ناچار کراون تەرمی کوڕەکەیان بە شەودا و بە نهێنی بە خاک بسپێرن.
ڕەسووڵ جەعفەری خوێندکار بووە و هاوکات لە فرۆشگایەکدا کاری کردووە.
ناوبراو پیش گیانلەدەستدان، لە پەیامێکدا بۆ هاوڕێکانی نووسیبوو؛ "ئێمە لە ئاشتی تێگەیشتین، دەردمان بە چەکێک تاقی کردووەتەوە."