تاران؛ ئەحمەد ئەستەرخی، هاووڵاتیی کوردی کرمانجی خوراسانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگییە
١٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "ئەحمەد ئەستەرخی" هاووڵاتیی ٤٠ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی خوراسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تارانە کە بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەری گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ تەرمی "ئەحمەد ئەستەرخی" لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گوندی زێدی خۆی "ئەستەرخی" بە خاک سپێردرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی بەڵێننامەیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە.
"ئەحمەد ئەستەرخی" تەمەن ٤٠ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. ناوبراو بە ڕەچەڵەک لە هۆزی "قەهرمانلوو" و خەڵکی گوندی "ئەستەرخی" سەر بە شاری "شیروان" لە پارێزگای خوراسانە.
ناوبراو لە تاران خەریکی کاری بیناسازی بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دانیشتووی شاری "فاروج" سەر بە خوراسان بووە. هەروەها بەپێی زانیارییەکان پێشتریش بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.