ساوە؛ سەعید کڵوەندی، لاوی ٣١ ساڵانی کوردی خەڵكی هەمەدان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار

22:35 - 13 رێبەندان 2725

١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "سەعید کڵوەندی" لاوی ٣١ ساڵانی کوردی خەڵكی هەمەدان و دانیشتووی ساوە، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ساوەیە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕانی، پاش خوێنڕێژیی زۆر و بڕینەوەی لاقی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەوروبەری کاتژمێر ٩ی شەو، هاوکات بە سەرکوتی خوێناویی خەڵک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، "سەعید کڵوەندی" لە هاوڕێکانی جیا بووەتەوە. پاش چەند کاتژمێر گەڕان، ناوبراویان لەکاتێدا دۆزراوەتەوە کە فیشەکی جەنگی لە ڕانی داوە و بە هۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە لە دۆخێکی خراپدا بووە.

پاش ڕاگواستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکان ڕایانگەیاند کە خوێنڕێژی لە ئاستێکدا بووە کە پێدانی خوێن ئیمکانی نەبووە و بۆ ڕزگارکردنی گیانی دەبێ لاقی ببڕنەوە. بنەماڵەکەی بە هیوای چاکبوونەوەی و پیشگرتن لە بڕینەوەی لاقی، داوای ڕاگواستنی بۆ تاران دێننە گۆڕێ. لەم ماوەیەدا سەعید بۆ چەند چرکە دێتەوە هۆش و لەگەڵ دایکی قسە دەکات و دەڵێ: "تینووم" بەڵام دیسان لە هۆش دەچێت.

ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی "سینا" ڕادەگوێزرێت و بە وەرگرتنی ٢٠٠ میلیۆن تمەن دەخەوێندرێت. تێچووی هەر شەوێکی خەواندن ٥٠ میلیۆن تمەن ڕادەگەیندرێ. پزیشکەکان لە تارانیش جەخت دەکەنەوە کە تەنیا ڕێگای زیندوومانەوەی بڕینەوەی لاقیەتی و بنەماڵەکەی ڕازی دەبن. نەشتەرگەرییەکەی تا کاتژمێر ٤ی بەیانی درێژەی دەبێ و لاقی دەبڕنەوە، بەڵام سەعید نایەتەوە هۆش و دەیگوازنەوە بۆ بەشی دیالیز.

پزیشکەکان هۆکاری مەرگەکەی "جەڵتەی دڵ" ڕادەگەیێنن بەڵام خێرا تەرمەکەی ڕادەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و لە دانەوەی بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوێرن. تەرمی سەعید کڵوەندی هەتا ٢٣ی بەفرانبار ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە.

بنەماڵەکەی پاش ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی دەزانن کە جەستەی بە تەواوەتی هەڵدڕاوە؛ لە سکیەوە هەتا ژێر ملی هەڵدراوە و تەنانەت چاوەکانیشی بەخیەیان پێوەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە هۆکاری مەرگەکەی "جەڵتەی دڵ" ڕاگەیەندراوە. مردووشۆرەکانیش وتوویانە کە جەستەی بە جۆرێک بووە کە دەڵێێ ئەندامەکانی لەشی دەرهێنراون؛ بابەتێک کە پرسیار و ناڕوونیی جیددیی لای بنەماڵەکە دروست کردووە.

لە درێژەدا ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسەیان لە مزگەوتدا نەدا و ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بوونەوە کە لە پرسەکەدا گریاون. سەعید کڵوەندی لە کۆتاییدا لە ساوە بە خک سپێردراوە.

سەعید کڵوەندی تەمەن ٣١ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو کچی ٧ و ٤ ساڵان بووە.