ئێسفەراین؛ عەلی‌ئەسغەر خودادادی، خوێندکاری ١٨ ساڵانی کوردی کرمانج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار

22:23 - 13 رێبەندان 2725

١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "عەلی‌ئەسغەر خودادادی" لاوی ١٨ ساڵانی کوردی کرمانج خەڵکی ئێسفەراین سەر بە پارێزگای خوراسان و خوێندکاری ترمی یەکی نژیارڤانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێسفەراینە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی دوو فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سینگی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ پاش برینداربوونی "عەلی‌ئەسغەر خودادادی"، خەڵک بۆ نەخۆشخانەیان ڕاگواستووە. باوکی لە کاتێکدا گەیشتە سەری کە پزیشکەکان خەریک بوون شۆکیان پێ دەدا بەڵام گیانی لەدەست دا.

تەرمی "عەلی‌ئەسغەر خودادادی" ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، پاش ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی، لە گۆڕستانی "کۆشکی"ی ئێسفەراین بە خاک سپێردرا.