کەرەج؛ عەباس جەعفەری، لاوی کوردی ٣٦ ساڵانی ئیلامی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوان؛ بەڵگەکان نیشاندەری قەتڵی ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانن

06:20 - 13 رێبەندان 2725

٩ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "عەباس جەعفەری" لاوی کوردی ٣٦ ساڵانی ئیلامی و دانیشتووی کەرەج، یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانە کە بنەماڵەکەی پاش دوو حەفتە ناڕوونیی چارەنووسی، تەرمەکەیان لەکاتێکدا کە شین هەڵگەڕابوو و ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە بوو وەرگرتەوە. لەسەر جەستەی ناوبراو ئاسەواری دیاری خنکاندن لەسەر مل، برین و شینبوونەوە لە هەموو ئەندامانی لەشیدا دەبینرا.

"عەباس جەعفەری" کوڕی عەلی‌حەسەن، خەڵکی گوندی "سەرتەنگ" سەر بە شاری "بەدرە" لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، بنەماڵەی ناوبراو پاش ئازادبوونی ماوەی دوو حەفتە  ئاگاداری چارەنووسی نەبوون و بەدواداچوونەکانیان لە ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بێ ئاکام بوو؛ تەنانەت بۆ دۆزینەوەی لە نێوان سەدان تەرمی ساردخەنەدا بەدوایدا گەڕان.

لە کۆتاییدا بە بنەماڵەکان ڕاگەیەندرا کە "عەباس جەعفەری" لە بەندیخانەی کەهریزەک دەسبەسەرە و ڕوون بووەوە کە جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە. ماوەیەک دواتر پێوەندییەک بە بنەماڵەکەوە ئەکەن و ڕایدگەینن کە کەسێک بۆ کۆدی دیاریکراو لە ساردخانەی بەهەشت زەهرای تارانە. بنەماڵەکە بە سەردانی ئەو شوێنە دەزانن کە تەرمەکە هی کوڕەکەیانە.

بنەماڵەی جەعفەری ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، تەرمەکەی لە بەهەشت زەهرا وەردەگرن؛ لەکاتێکدا کە ئاسەواری ئەشکەنجە بەتەواوەتی لەسەر جەستەی دیار بووە، ئاسەواری خنکاندن لە دەور ملی بە ڕوونی بینیراوە و سکی بەتەواوەتی دووراوەتەوە و بەشێوەیەک کە هەست دەکرێ ئەندامای نێوخۆیی جەستەی دەرهاتوون. هەروەها جەستەی بە تەواوەتی شین و ڕەش بووەتەوە و ئاسەواری برینی پێوە بووە.

پاش کوژرانی "عەباس" گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی بنەماڵەکە دەستی پێ کرد. هێزە ئەمنییەتییەکان باوکی ناوبراو "عەلی‌حەسەن جەعفەری"ی ٦٠ ساڵانیان داوەتە بەر لێدان تاکوو ناچاریان بکەن کە کوڕەکەیان وەک "شەهیدی حکوومەتی" بناسێنن.

تەرمی "عەباس جەعفەری" پاش ڕادەستکردنەوە، لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.