هەشتگێرد؛ سەنا تووسەنگی، قوتابیی ١٢ ساڵان، کوردی یارسانی کرماشان و کوژراو بە دوو فیشەکی جەنگی لە ١٩ی بەفرانبار

07:53 - 12 رێبەندان 2725

٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "سەنا تووسەنگی" قوتابیی ١٢ ساڵان، کوردی یارسانی کرماشان و دانیشتووی "هەشتگێرد"ی ئێسفەهان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شەوی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە هەشتگێردە کە نێوقەد و پشت ملی بە چەکی جەنگیی "کڵاشینکۆف" کرانە ئامانج و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سەنا تووسەنگی" قوتابیی ١٢ ساڵان و لە کوردەکانی کرماشان و دانیشتووی هەشتگێرد، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، دەوروبەری کاتژمێر ٩ی شەو لە شەقامی بەرانبەر یەکێک لە ناوەندەکانی ئاگایی، لە بەرانبەر فەرمانداری و لە بلواری "ئایەتوڵڵا خامنەیی" لەکاتێکدا کە هێزە سەتکوتکەرەکان بە ڕێکەوت دەست بە کوژاندنەوەی گڵۆپەکانی شەقامەکان دەکەن و بە شێوەی بەربڵاو هێرش دەکەنە سەر خەڵک و ناڕازییان، لە پشتەوە تەقەی لێ دەکرێت. یەکێک لە فیشەکەکان نێوقەد و ئەوی دیکە پشتی ملی دەپێکێ و دەسبەجێ گیانی لەدەست دەدات.

تەرمی سەنا تووسەنگی لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا و بە بەشداریی هێزە لیباس شەخسییەکان بە خاک سپێردرا. ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم کچەیان خستە ژێر گوشارەوە و ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامەیان کردن. ناوبراو لە گۆڕستانی "نەزەرئاباد" و لە نزیک هەشتگێرد و بە زۆر لە شوێنێکی چۆڵ و دوورەدەستدا بە خک سپێردرا.

هەروەها ئیزن بە بنەماڵەکەی نەدرا کە تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی ڕاگوێزن و تاکوو ئێستا بنەماڵەی ئەو منداڵە لەژێر گوشاری توند و سەرکوتی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان.

سەنا تووسەنگی بە ڕەچەڵەک خەڵک بەشی "کوزەران"ی کرماشانە، لە کوردەکانی یارسانی بەشی سنجاوییە و لە بنەماڵەی ناسراوی "تووسەنگی"یە.