دێهلوڕان؛ تەقینەوەی مین گیانی ڕەحیم حەمیدی، منداڵی ١٣ ساڵانی ئەستاند

10:55 - 23 رێبەندان 2725

ڕۆژی سیشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، منداڵێکی ١٣ ساڵان بە ناوی "ڕەحیم حەمیدی" بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی "چەم هێندی"ی شاری دێهلوڕان گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم منداڵە بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی فریاکەوتن لە شوێنی ڕووداوەکە، گیانی لەدەست داوە.

ئێران چوار دەیەیە کە دووەمین وڵاتی ئالوودە بە مین لە جیهانە، ئەحمەد وەحیدی وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٠دا ڕایگەیاند، نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستان مینیان تێدا چیندراوە.

ئالوودەبوونی ئەم پارێزگایانە بە نزیکەی ٢٠ میلیۆن جۆری مین و تەقینەوە، لە درێژەی شەڕی ئێران و عێراقدا و هەروەها مینە دژەنەفەرە چێندراوەکان لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە باکووری ڕۆژاوای ئێران بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و کوردەکان، بووە.

بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئەم زەوییانە خاوێن کراونەتەوە. ٨٠ لەسەدی قوربانییانی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان، هاووڵاتییانی سێڤیل بوون.