ئیلام؛ سەعید سەفەری، کوردی "دێهبالایی" ئیلام بە باتوم و فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکان بە هۆی ڕزگارکردنی گیانی نزیکترین هاوڕێی کوژرا

07:46 - 12 رێبەندان 2725

٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "سەعید سەفەری" هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٩ ساڵانی خەڵکی ئیلام لە ئێڵی "دێهبالایی"، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلامە کە شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە لێدانی باتوم و فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەختی بریندار بوو و پاش شەش ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سەعید سەفەری" شەوی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، وەک هەزاران هاووڵاتیی ناڕازیی دیکە هاتە شەقام کە لە کاتی ڕزگارکردنی گیانی هاوڕێیەکی، کە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە بە "قەمە" هێرشی کرابوویە سەر، لە نزیکەوە سینگی کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان، پاشان هێزەکانی سەرکوت هێرشیان بۆ هێنا و بە شێوەی بەردەوام بەتایبەت دەموچاو و سینگیان دایە بەر باتوم.

 بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەعید سەفەری کە پێشتر نەشتەرگەریی کردبوو، بە هۆی توندیی لێدانەکان بە باتوم چووە کۆما و لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، پاش شەش ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "ساڵح ئاباد"ی ئیلام بە خاک سپێردرا. هەرچەند کەشی ڕێوڕەسمەکە زۆر ئەمنییەتی بوو و هێزە ئەمنییەتییەکان زۆر بوون، بەڵام لە کاتی بەخاکسپاردنەکەدا دروشمگەلێک دژی حکوومەت وترانەوە.

لە درێژەدا بەرپرسە حکوومەتییەکان لەوانە فەرماندار و پارێزگاری ئیلام، بە سەردانی ماڵی ئەم گیانلەدەستداوە، لە بەرانبەر پێشنیاری پارەدا داوایان لێ کردبوون کە ڕایبگەیێنن کە ئەم یاریزانە بەپێشینەیە لەلایەن کەسانێکەوە کە حکوومەت بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبا کوژراوە؛ داواکارییەک کە بنەماڵەی سەعید لێبڕاوانە ڕەتیان کردەوە.

سەعید سەفەری تەمەن ٤٩ ساڵان، باوکی دوو کوڕ و کچێکە. ناوبراو یاریزانی بەپێشینەی تیمەکانی فووتباڵی "پاس" و "پێرسپۆلیس"ی ئیلام و لە ڕاهینەرانی فووتباڵی پایە بەئەژمار دەهات و لە کوڕەکانی ئێڵی "دێهبالایی" ئیلام بوو.