کرماشان؛ مێلکیا دەستیاب، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵانی کوردی یارسان، کوژراو لە ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە کرماشان
۳۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ "مێلکیا دەستیاب" مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵانی کوردی خەڵكی کرێند سەر بە داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار لە کرماشانە کە بە فیشەکی شەڕکەری هێزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مێلکیا دەستیاب" مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵانی کوردی خەڵكی کرێند سەر بە داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی کرماشاندا، لە "گەڕەکی شارەکی موعەلم"ی ئەم شارە، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
هەروەها ڤیدیۆیەک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "مێلیکا دەستیاب" بڵاو کراوەتەوە کە نیشانی دەدات ڕێوڕەسمی پرسەی گرووپیی "چەمەری" بە دەنگی دەهۆڵ و زۆوڕنا و شین و زاریی گرووپی بۆ ناوبراو بەڕێوە چووە. بە وتەی سەرچاوەکەی کوردپا ئەم ڤیدیۆیە تایبەت بە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ە کە تەرمی ناوبراو لە کرێند بە خاک سپێرداوە.
چەمەری ڕێوڕەسمی شینگێڕیی خەڵكی کرماشانە کە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی کەسی کۆچکردوو بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕێوڕەسمە سازەکانی دەهۆڵ و زۆڕنا، ناڵین و بەشداریی خەڵکی لەگەڵە و جگە لە شینگێڕی، هێمای یەکگرتوویی و هاودڵیی گشتییە.