شاباد؛ دوکتور سەجاد کیانی، لاوی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبار بە فیشەکی جەنگی
یەکی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "دوکتور سەجاد کیانی" لاوی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانبارلە شابادە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، دوکتور سەجاد کیانی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاباد بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.
دوکتور سەجاد کیانی، پزیشکی ددان و لە سیما خۆشناو و ناسراوەکان لەنێو خەڵکی شاباد بووە. هەواڵی کوژرانی ناوبراو شەپۆلێک لە تووڕەیی و خەمی خەڵکی لەم شارەدا بەدواوە بوو.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە تەرمەکەی لە چ دۆخێکی ئەمنییەتیدا و ئایا بە وەرگرتنی پارە یان بەڵێیننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە یان نا، بەڵام بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیاردیان لە بنەماڵەکەی داوا کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.