دیواندەره؛ ئەمیرئەرسەلان قەهرمانی، یەکێکی دیکە لە لاوانی کوردی کوژراو بە فیشەکی جەنگی لە تاران
۲۷ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ " ئەمیرئەرسەلان قەهرمانی" لاوی ٢٠ و چەند ساڵەی خەڵكی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباری تارانە کە بە فیشەکی جەنگی لەلایەن هێزەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە.
بەوتەی یەکێک لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی قەهرەمانی کە هەواڵی گیانلەدەستدانی ناوبراوی لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە پێ گەیشتووە، ئەمیرئەرسەلان قەهرمانی ٢٣ یان ٢٤ ساڵان بووە و لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران لە شەوی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سەرکوت کراوەتە ئامانجی کۆماری ئیسلامی و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە. تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و ڕوون نییە کە لە تاران بەخاک سپێرداوە یان نا. بەم حاڵەوە لە گوندی "کانی چەرموو" ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بەشێوەی زۆر سنووردار و تەنیا بە بەشداریی کەسانی نزیکی خۆی بەڕێوە چووە و ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕيسم بە بەشداریی خەڵک، ئاشنایان و خزمانیان پێ نەدراوە.
بنەماڵەی قەهرەمانی زیاتر لە ٣٠ ساڵە نیشتەجێی تارانن و باوکی ناوبراو "جەلال" کرێکاری دەکات. ئەمیرئەرسەلان قەهرمانی لە تاران لەدایک بووە.
زانیارییەکانی پێوەندیدار بە کوژرانی ئەم لاوە کوردە، لەوانە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە بنەماڵەکەی یان وەرگرتنی پارە بۆ دانەوەی تەرمەکە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و دواتر لەلایەن کوردپاوە بڵاو دەکرێتەوە.