بیجاڕ؛ قەتڵی حکوومەتیی سۆران فەیزی‌زادە بە هۆی ئەشکەنجە لە کاتی دەسبەسەرکران و بەخاکسپاردنی لە شوێنێکی نادیار

12:45 - 27 بەفرانبار 2725

٢٦ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ " سۆران فەیزی‌زادە" هاووڵاتیی خەڵكی سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شاری بیجاڕ لە شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرا و بە هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە لە کاتی دەسبەسەرکران بەسەختی بریندار کرا. ناوبراو پاش ڕۆژێک خەوێندران لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەشێوەی نهێنی لە شوێنێکی نادیاردا لە شاری سەقز بەخاک سپێردرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "سۆران فەیزی‌زادە" شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بیجاڕ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە شەقام دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکراندا بە باتوم و لێدان ئەشکەنجە درا. ناوبراو بەهۆی زۆریی برینەکانییەوە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە گیانی لەدەست دا.

لە ماوەیەکدا کە سۆران لە نەخۆشخانەی سنە بوو، هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەدابوو و پاش گیانلەدەستدانیشی تەرمەکەی بە نهێنی و بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە شوێنێکی بێ ناونیشان لە شاری "سەقز" بە خاک دەسپێرن. هەروەها بنەماڵەکەی دەخەنە ژێر گوشارەوە تاکوو ئیزنی هیچ چەشنە قسەکردن و درکاندنی بابەتەکەیان نەبێ.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ناوبراو پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی گرتنگە کراوە و لەوێ ئەشکەنجە دراوە یان نا.

"سۆران فەیزی‌زادە" کوڕی عەباس، خەڵکی سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵ بووە کە یەکێکیان سێ مانگانە.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زاری شایەتحاڵێکەوە بە کوردپای وتبوو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە بیجاڕ، لانیکەم ٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و بۆ نەخۆشخانەی "بێعسەت" لە سنە ڕاگوێزراون. کوردپا ئەم زانیارییانە پشتڕاست ناکاتەوە بەڵام خەریکە بەدواداچوونیان بۆ دەکات.