کرماشان؛ پشتڕاستکردنەوەی قەتڵی حکوومەتیی دوو برا "ڕەسووڵ و ڕەزا کەدیوەریان" و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکانیان بۆ ناساندنیان وەکوو بەسیجی حکوومەتی

16:58 - 17 بەفرانبار 2725

١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو برای خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی "ڕەسووڵ کەدیوەریان" تەمەن ١٨ ساڵ و "ڕەزا کەدیوەریان" تەمەن ٢٠ ساڵ، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەر و چەکدارەکانی سپاوە بە چەکی شەڕکەڕ کوژران. هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانی ئەم دوو برایە بە بنەماڵەکانیان، داوای وەرگرتنی ٨٠٠ میلیۆن پارە و ناساندنی منداڵەکانیان وەکوو "بەسیجی حکوومەتی" کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاماژەی کرد کە شەوی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گەڕەکی "جەعفەرئاباد"ی شەقامی "ئەرتەش" لە کرماشان، دوو برا بە ناوەکانی "ڕەسووڵ کەدیوەریان" تەمەن ١٨ ساڵ و "ڕەزا کەدیوەریان" تەمەن ٢٠ ساڵ، کراونەتە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران و بەتوندی بریندار کراون. ڕەسووڵ پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و ڕەزاش کە بە هۆی توندیی برینەکانییەوە چووبووە کۆماوە، لە بەشی چاوەدێڕیی تایبەتی نەخۆشخانەدا خەوێندرا، بەڵام شەوی ڕۆژی دواتر، واتە یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند، پاش گیانلەدەستدانی ڕەسووڵ، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، فەرمانداری و پارێزگاریی کرماشان بنەماڵەی ناوبراویان خستە ژێر گوشارەوە کە لە حاڵەتێکدا تەرمەکەتان پێ دەدەینەوە و ئیزنی بەخاکسپاردن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕيسمی پرسەی بۆ دەدەین کە ڕەسووڵ وەک بەسیجێکی حکوومەتی بناسێنن و ڕایبگەیێنن کە "ئەرازل و ئەوباش" کوشتوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە ئەم بنەماڵەیە بە وردی نازانن تەرمی منداڵەکانیان لە کوێن و چ کاتێک ڕادەستیان دەکرێنەوە و بەم هۆیەوە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە ڕاگەیەندراوی کۆچی دواییان بۆ بڵاو بکەنەوە.