مەڵکشایی؛ قەتڵی حکوومەتیی ڕەزا عەزیم‌زاده و مێهدی ئێمامی‌پوور لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپا پشتڕاست کرایەوە

04:23 - 15 بەفرانبار 2725

۱۴ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ لە درێژەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام، هێزەکانی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی "کڵاشینکۆف" بە شێوەی ڕاستەخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، دەیان کەس بریندار بوون کە بە هۆی قووڵیی برینەکانیانەوە، قەتڵی حکوومەتیی دوو کەسیان بە ناوەکانی «ڕەزا عەزیم‌زاده» و «مێهدی ئێمامی‌پوور» بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بۆ کوردپا پشتڕاست کراونەتەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە چەند کاتژمێر پاش ڕاگوێزران بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، بە هۆی قووڵی و توندیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدوست داوە. «ڕەزا عەزیم‌زاده» کوڕی جەبار، سەڵت بووە و «مێهدی ئێمامی‌پوور»یش کوڕی حەیدەر، سەڵت بووه.

لەسەر ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی ئەم دوو لاوە کوردە نووسراوە "بە کام تاوان؟".

کوردپا پێشتر باسی لە برینداربوونی لانیکەم ٣٠ کەس لەم ناڕەزایەتییانەدا کردبوو. بریندارەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی مەڵکشایی لەوانە "فریاکەوتنی دوکتور فەتاحی" و "نەخۆشخانەی خومەینی" ڕاگوێزران.

بە هۆی زۆربوونی ژمارەی برینداران، کەمیی خوێن و کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و نالەباربوونی دۆخی ژمارەیەک لە بریندارەکان، هەندێکیان بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ناوەندی پارێزگای ئیلام ڕاگوێزران.

شوناسی ژمارەیەک لە بریندارەکان بە ناوەکانی «محەممەد برونه (موقەدەسی)»، «فارز (موحسن) ئاقامحەممەدی»، «مستەفا ئاقامحەممەدی» و «عەلی کەریمی (باولکی)» بۆ کوردپا ڕوون بووەتەوە. دۆخی هەندێ لەم کەسانە زۆر ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، «فارز (موحسن) ئاقامحەممەدی» بە هۆی تەقەکردن لە سەری، بە ئاستی وشیاریی ٣ لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی ئیلامدا خەویندراوە.

 هەروەها «مستەفا ئاقامحەممەدی» جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لە ئەگەری درێژەکێشانی خوێنڕێژییەکەیدا، پێویستی بە نەشتەرگەریی دووبارە دەبێت. فارز و

مستەفا بران.

لە مەڵكشایی چی ڕووی دا؟

ڕۆژی شەممه ۱۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی مەڵکشایی بۆ پەیوەستبوون بە شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان کە لە کاردانەوە بە دۆخی نالەباری بژێو لە سەرەتاکانی بەفرانباردا دەستیان پێ کرد، ناڕەزایەتیی خۆیان لە بلواری فەرمانداریی ئەم شارەوە دەست پێ کرد. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا دروست بوو کە ناڕازییان بەشێوەی هێمنانە هاتبوونە سەر شەقامەکان.

وێنە پشتڕاستکراوەکان و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن کوردپاوە نیشانی دەدەن کە ناڕازییان بە وتنەوەی دروشمی وەک «نەمان بۆ دیکتاتۆر»، «نەمان بۆ خامنەیی» و «مەترسن مەترسن ئێمە هەموو پێکەوەین» جەختیان لەسەر بەکۆمەڵبوون و هێمنانەبوونی ناڕەزایەتییەکان دەکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، کاتێک کە ناڕازییان لە بەرانبەر بینای بەسیجی موقاومەتەوە تێدەپەڕین، هێزەکانی سپای پاسداران بە جێگیربوون لە شوێنە بەرزەکان و سەربانەکان بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی «کڵاشینکۆف» بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کردوون.

لە ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکاندا دەنگی بەردەوامی تەقەکردن لە شەقامەکان دەبیسترێت و دیمەنی برینداربوونی بریندارانیش بەڕوونی دەبینرێت.

لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، لانیکەم ٣٠ کەس بریندار بوون. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان و شاهێدیی شایەتحاڵانی ناوچەکە باسیان لەوە دەکرد کە ئەم سەرکوتە زۆر توند بووە و لە هەمان کاتژمێرەکانی سەرەتادا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی هەندێ لە ناڕازییان باس کراوە؛ بابەتێک کە دواتر وەک قەتڵی حکوومەتیی دوو کەس لە ناڕازییان لایەنی ڕوونتری لێ دەرکەوت.

 پاش تەقەی هێزەکانی سپا و برینداربوونی دەیان کەس لە ناڕازییان و پاش ڕاگواستنی برینداران بۆ نەخۆشخانەکانی مەڵکشایی و ئیلام، ڕاگەیەندراوە خەڵکییەکان باسیان لە کەمیی خوێن و پزیشکی پسپۆڕ کرد.

بەم حاڵەوە لە درێژەی ئەم سەرکوتە حکوومەتییەدا، پاش ڕاگواستنی برینداران بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی»ی ئیلام، هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکارەکان، لەوانە یگانی تایبەت، بە ئامانجی دەسبەسەرکردنی برینداران نەخۆشخانەکەیان گەمارۆ دا.

وێنە و ڤیدیۆگەلێک کە لەلایەن کوردپاوە پشتڕاست کراونەتەوە، نیشانی دەدەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان تەنانەت تەقە لە ناو نەخۆشخانەکەش دەکەن.

لەم ڤیدیۆیانەدا، ڤیدیۆی یەکەم تەقە لە خەڵک لە ناو نەخۆشخانەکەیان تۆمار کردووە و ڤیدیۆکانی دووهەم و سێهەم کە پێشتر تۆمار کراون، گەمارۆی نەخۆشخانەکە لەلایەن هێزەکانی سەرکوت نیشان دەدەن؛ جێگایەک کە هاووڵاتییان بۆ پارێزگاری لە برینداران کۆ بوونەتەوە و بە وتنەوەی دروشمی «نەمان بۆ خامنه‌یی» دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم هەوڵانە ڕادەگەیێنن. هەروەها بە هۆی گەمارۆدانی نەخۆشخانەکە و تەقەکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕەوتی ئاڵوگۆڕی خوێن و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە.

سەرچاوە خۆجێیەکان هەروەها باسیان کردووە کە دۆخی شاری مەڵکشایی بەتوندی ئەمنییەتی کراوە و بوونی بەربڵاوی هێزەکانی یگانی تایبەت و باقی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ڕێگاکانی گەیشتن بە نەخۆشخانە زۆرە؛ بە شێوەیەک کە ئەم ناوەندانە بە ڕوونی لە گەمارۆ و لەژێر چاوەدێریی تەواودان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، هێزەکانی سەرکوت چەند جار هەوڵیان داوە کە بچنە نێو نەخۆشخانەکەوە و بریندارەکان دەسبەسەر بکەن ، بەڵام  ئەم هەوڵانە لەگەڵ هەوڵ و خۆڕاگریی خەڵک و کارمەندانی نەخۆشخانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.