شاباد؛ ئەمیر جەلیلیان، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٦٢ ساڵان، ١٨ی بەفرانبار بە تەقەی زیاتر لە ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە کرایە ئامانج و پاش ٥ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا گیانی لەدەست دا

19:00 - 9 رێبەندان 2725

٧ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "ئەمیر جەلیلیان" هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٦٢ ساڵانی خەڵکی شاباد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شابادە کە لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە مەودای نیو تا یەک میترییەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و ئامانجداری ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی، بەجۆرێک کە چاوی ڕاستی لە وێنەی سی تی ئێسکەنەکەشدا دیار نەبوو و ڕوخساری بەتەواوەتی تێک چووبوو و چووبووە کۆماوە کە لە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە نەخۆشخانەی شاباد گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەمیر جەلیلیان" هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٦٢ ساڵانی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە مەودای زۆر نزیکەوە و بە وتەی پزیشکەکان نزیکەی نیو هەتا یەک میترییەوە، چاوی ڕاستی کراوەتە ئامانجی لانیکەم ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی و دەسبەجێ هەر دوو چاوی لەدەست داوە و چووەتە کۆماوە، چونکە ساچمەکان هەتا دەمارەکان، شادەمار، مل و تەنانەت سییەکانی ڕۆچووبوون، بە جۆرێک کە هەموو دەموچاوی تێک چووبوو. ناوبراو هەتا ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ کە گیانی لەدەست دا، ئاستیی وشیاریی ٣ بوو و پێنج ڕۆژ لە کۆمادا بوو، لەکاتێکدا کە پزیشکەکان باوەڕیان وا بوو ڕۆژێکیش نامێنێ، بەڵام بە وتەی کەسە نزیکەکانی، ناوبراو شەڕی لەگەڵ مەرگ دەکرد.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە قووڵیی برینەکانی دوابەدوای بەرکەوتنی فیشەک و ناجێگیربوونی دۆخی ئەم گیانلەدەستداوە دەڵێ؛ شەوێک پێش لە گیانلەدەستدان، نەشتەرگەرییەکی چوار کاتژمێری بۆ مێشکی کرا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ساچمەکان شادەماری ملیان پێکابوو و ئیزنی گەیشتنی خوێن بە مێشکیان نەدەدا و چەند جار جەڵتە لێی دابوو و کە ببووە هۆی لەکارکەوتنی لای ڕاستی مێشکی و میشکی ئاوسابوو. بەم هۆیەوە پزیشکەکان کەلـلەسەریان کردبووەوە و ئێسکی کەللـەسەریان لەسەر دڵی دانابوو بۆ ئەوەی کە پارێزراو بێ.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاگاداربوونەوەی بنەماڵەی ناوبراو لە برینداربوونی دەڵێ؛ خەڵک دەیگەیێننە نەخۆشەخانە و بنەماڵەکەی پاش پێوەندیگرتن لەگەڵ مۆبایلەکەی باوکیان دەزانن کە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و پاش ئەو پێوەندییە، مۆبایلەکەی باوکیان بۆ هەمیشە دەکوژێتەوە و بنەماڵەکەی تاکوو ئێستاش نازانن کە باوکیان لە کام ناوچە تەقەی لێ کراوە یان لەلایەن کام هێزی سەرکوتکەرەوە تەقەی لێ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ئاستی ئازاری بنەماڵەکە و دۆخی ناجێگیری باوکیان دەڵێ؛ بنەماڵەکەی تەنانەت داوای وێنەی سی تی ئێسکەنی نەخۆشخانەیان نەکرد، چونکە ڕووداوەکە ئەوەندە جێگای شۆک و ترسناک بوو بۆیان کە نەیاندەتوانی باوکیان لەو دۆخەدا ببینن. کاتێ لەپێش چاوی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی وێنەی سی تی ئێسکەنیان دەبرد، بنەماڵەکەی ڕوویان لە دیوارەکە کردبوو کە نەیبینن، چونکە پزیشکەکان وتبوویان کە چاوی ڕاستی باوکیان بە هیچ شێوەیەک لە وێنەی سی تی ئێسکەنەکەدا نییە و هەموو ڕوخساری دووراوەتەوە و چاوی چەپیشی خوێنڕێژی هەیە و لەنێو چووە. بنەماڵەکەی نایانتوانیوە و دڵیان نەهاتووە کە لەسەر تەختەکە چاو لە باوکیان بکەن. قوڵیی برینەکان و زیانێک کە بەر ڕوخساری کەوتبوو لە ئاستێکدا بوو کە هەموو ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانەی شاباد بوون، دەیانناسی.

بنەماڵەکە وتبوویان؛ "ئەم هەموو ئازارە بۆ تەمەنی ئەو قورس بوو. پیاوێکی تەمەن ٦٢ ساڵان نە کاتی نابینابوونی بوو و نە کاتی لەکارکەوتنی مێشکی و نەشتەرگەریی پلاستیک بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە فۆرمی سروشتیی ڕوخسارێک کە بە هۆی تەقەی زیاتر لە ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی خەمڵێندرابوو، هیچ شتێکی لێ نەمابوو و لە شەوی ٢٣ی بەفرانباردا بۆ هەمیشە چوو و ئێمەی بە دنیا دنیا حەسرەتەوە بەجێ هێشت."

ئەم سەرچاوەیە لە پێوەندی لەگەڵ گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەکە وتی؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەکەیان خستبووە ژێر گوشارەوە تاکوو ناچاریان بکەن کە بڵێن باوکیان بە تەقەی حیزبە کوردستنییەکان کراوەتە ئامانج و وتبوویان هێزەکانی ئێمە حوکمیان پێ بووە کە لە مەودای ٧٠ میترییەوە تەقە بکەن و تەقەکردن لە باوکی ئێوە لە نزیکەوە بووە. بەڵام بنەماڵەکە ئەم داواکارییەیان ڕەت کردەوە و بەڵگەی پزیشکی دادوەریشیان وەرنەگرت، چونکە بە بنەماڵەکە وترابوو کە بۆ چەکناسی دەبێ تەرمەکە بچێتە تاران، بەڵام بنەماڵەکە ترسی ڕفاندنی تەرمەکەیان هەبوو و ئەم داواکارییەشیان ڕەت کردەوە.

"ئەمیر جەلیلیان" تەمەن ٦٢ ساڵان، "شۆفێری ترەیلی" بوو. ناوبراو لەو کەسانە بوو لە شەڕی ئێران و عێراقدا ٨ ساڵ شەڕی بۆ ئێران کردبوو.