تاران؛ مێهدی زارعی لە لاوانی کورد و ئەندازیار، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار لە نارمەک "دایە خوێنی من لە ئەوانی دیکە ڕەنگینتر نییە"
٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "مێهدی زارعی" لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی گوندی "حەسەناوا"ی هەمەدان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە "نارمەک"ی تارانە کە شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ کە بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دڵ و دەمی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لە دڵ و دەمی مێهدی کردووە و پاش ڕادەستکردنی تەرمەکەی هەندێ لە ئەندامانی جەستەی شکابوون. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ناوبراو بنەماڵەکەیان ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو بوون کە "لە بەرزاییەوە بەر بووەتەوە." یەکێک لە نزیکەکانی ئەم بنەماڵەیە دەڵێ: "شوکر بۆ خودا کە تەرمەکەمان بە سڵامەت وەرگرتەوە، هەموو بە بێ جلوبەرگ بەسەر یەکدا کەوتبوون و زۆر کەسیش ئەندامانی جەستەیان دەرهاتبوو، یەکێک لە گیانلەدستداوانی نێو سەری خاڵی بوو و دەگوت قیامەتە."
مێهدی زارعی لە ئاخرین قسەکانیدا بە دایکی وتبوو؛ "دایە خوێنی من لە ئەوانی دیکە ڕەنگینتر نییە".
مێهدی زارعی لەدایکبووی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٨٢ لە گوندی "حەسەناوا"ی هەمەدان و ئەندازیاری بووە.