کرماشان؛ نازەنین‌زەهرا ساڵحی، مێرمنداڵی تەمەن ١٣ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی کرماشان

20:45 - 4 رێبەندان 2725

٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "نازەنین‌زەهرا ساڵحی" مێرمنداڵی تەمەن ١٣ ساڵانی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کرماشانە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "نازەنین‌زەهرا ساڵحی"، بە ئەگەری زۆرەوە لە ڕۆژانی ١٨ یان ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا و لەنێو پارکدا بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرابێتە ئامانج و کوژرابێت.

بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم مێرمنداڵە چەند ساڵێک بووە کە دایک و باوکی لەدەست داوە و لەژێر چاوەدێری و سەرپەرستیی پووریدا ژیاوە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ئەم کچە، پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان نا یان ئایا ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوان لە کرماشان، پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان داوا کردووە و بنەماڵەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کراون.