کرماشان؛ تەیبە ڕەزایی، دایکی دوو منداڵی بچووک، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "تەیبە ڕەزایی" دایکی دوو منداڵی بچووکی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "تەیبە ڕەزایی"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا لە شارەکی "موعەلیم"، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە. ئەم ژنە لە پێش چاوی منداڵەکانی گیانی لەدەست داوە.
تەیبە ڕەزایی کچی محەممەدعەلی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی کرماشان و سەرپەرستی دوو منداڵی ٩ و ١٣ ساڵانە بە ناوەکانی "سوورێنا" و "سامیار" بووە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە خاک سپێردراوە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.