کرماشان؛ ئێلهام زەینەلی، سووپروایزێری لاوی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ئێلهام زەینەلی" سووپروایزێری لاوی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "ئێلهام زەینەلی"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و لە پشتەوە کراوەتە ئامانج و "نێوقەد، سک و منداڵدانی" بەسەختی بریندار بووە. ناوبراو پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ئەم کچە پاش پێنج ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گۆڕستانی "باغ فردەوس"ی کرماشان بە خاک سپێردراوە.
"ئێلهام زەینەلی" کچی فاتمە و سۆهراب، لەنێو هاوکارەکان و نەخۆشەکانیدا پەرستار و سوورپروایزێرێکی دڵسۆز، خۆشناو و ناسراو بوو. ناوبراو بەرپرسایەتیی بەخێوکردنی دایکە پیرەکەشی لە ئەستۆ بوو.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.