کرماشان؛ محەممەدمێهدی باقری، مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی کورد، لە شەقامدا بریندار دەبێ و پاش دەسبەسەرکران لە ڕێگەدا گیان لەدەست دەدا و بەجێ دەهێڵدرێت
٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "محەممەدمێهدی باقری" مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی کورد، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەی لێ کرا و پاش دەسبەسەرکران، بەهۆی خوێنڕێژی زۆرەوە لە ڕێگادا گیانی دا و تەرمەکەی لای شەقام بەجێ هێڵدرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "محەممەدمێهدی باقری"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشان لە گەڕەکی "مەسکەن" کاتێ دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" دەوتەوە، بە فیشەکی جەنگیی هێزە لیباس شەخسییەکانی کۆماری ئیسلامی کرایە ئامانج. لەگەڵ ئەوەی کە خوێنڕێژی زۆری هەبوو دەسبەسەر کرا و هێزە لیباس شەخسییەکان تەرمە خوێناوییەکەیان سواری ماشین کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە زاری هەندێ لەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو دەسبەسەر کرابوون زیادی کرد؛ ئەم مێرمنداڵە ١٦ ساڵانە لە ڕێگادا گیانی دا و هێزە لیباس شەخسییەکان تەرمەکەیان لەپاڵ جاددە بەجێ هێشت.
پاش قەتڵی حکوومەتیی محەممەدمێهدی، بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و سپاوە هەڕەشەیان لێ کرا و گوشاریان خرایەسەر کە، برا ١٠ ساڵانەکەی دەسبەسەر دەکەن. ئەم گوشارانە بۆ بێدەنگکردنی بنەماڵەکە هێشتا بەردەوامن.
تەرمی ئەم مێرمنداڵە ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گۆڕستانی "باغ فردەوس"ی کرماشان بە خاک سپێردرا.