ئەنجومەنی سەوز چیا؛ ڕێبین گۆرانی بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی مەریوان چووە کۆماوە

17:46 - 10 خەرمانان 2725

٦ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ لاوێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی "ڕێبین گۆرانی"، دانیشتووی گوندی "ساوا"، بەهۆی گیرۆدەبوون لە دووکەڵی ئاگرەکەی حەفتەی ڕابردووی دارستانەکانی "هەجیران"ی مەریوان، تووشی کێشەی هەناسەدان بووە و ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنەدا لەکاتێکدا کە چووەتە کۆماوە، لەژێر چاوەدێریدایە.

ئەنجومەنی سەوز چیا لەمبارەوە نووسیویەتی؛ ڕێبین گۆرانی بە مەبەستی پاراستنی سروشت و دارستانەکانی زێدەکەی، بە شەودا خۆی گەیاندە شوێنی ئاگرەکە، بەڵام لە هەمان کاتژمێرەکانی سەرەتادا تووشی سەرسووڕان و کێشەی هەناسە بوو. ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ گوند و سەردانی نەخۆشخانەی مەریوان لە دوو ڕۆژی یەکەمدا سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی لە نەخۆشخانەدا ناخەوێندرێ و تەنیا ڕۆژی سێهەم، پاش چەند جار ڕشانەوەی توند و خراپیی دۆخی جەستەی دەخەوێندرێ و چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکرێت. بەم حاڵەوە ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، دۆخی گشتیی ناوبراو خراپتر دەبێ و نیشانەکانی ژیانی تێک دەچن و لە کۆتاییدا دەچێتە کۆماوە. دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە دەکرێت و بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان هێشتا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا لە کۆمادایە.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوز چیا پاش ئاگاداربوونەوە لەم ڕووداوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی گۆرانی لە نەخۆشخانە، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ڕەوتی چارەسەری ڕێبین کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەبێت. ئەم ئەنجومەنە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە فیداکاریی چالاکانی بواری ژینگە، داوای لە خەڵک کرد کە بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ ئەنجومەن نەچنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان و لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێکدا، دەسبەجێ بابەتەکەیان پێ ڕابگەیێنن تا پێداویستییەکان بۆ پشتیوانی و هاوکاری لە ڕەوتی چارەسەری و بەدواداچوونەکان دابین بکرێ.

ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە مەترسییە جیدییەکانی ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە دارستانەکانی کوردستان و ئاسەوارەکانی بۆ پارێزەرانی ژینگە و هاووڵاتییانی بەرجەستە کردەوە.

ئەنجومەنی سەوز چیا بە بڵاوکردنەوەی تایم‌لێپسی باسی لە بەربڵاوبوونی ئاگرکەوتنەوە بەئەنقەستەکانی دارستانەکانی گوندەکانی "هانەشێخان"، "بناوەچڵە" و "دەرەوەران" سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژانی ١٩، ٢٦ و ٢٩ی گەلاوێژ هەتا ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ کردووە.