بەندیخانەی تارانی گەورە؛ بێبەریکردن لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و کەمتەرخەمیی پزیشکی سەبارەت بە ڕەزا ڕەمەزانزادە و درێژەکێشانی ڕاگرتنی لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکان

11:36 - 14 بانەمەڕ 2725

١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران لە بەندیخانەی تارانی گەورەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکان ڕاگیراوە، بە هۆی کێشەی گەدە و هەرسکردن لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پزیشک بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکران و بەندیخانەی هەیە، بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەیی جیدیی هەرسکردن و گەدە بووە و کاربەدەستانی بەندیخانەی تارانی گەورەش لە پێڕاگەیشتن بە دۆخی پزیشکیی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

پێشتر کوردپا لە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورە کە بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، بە بێ مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە کارتی تلفۆن، لە بەندی تاوانە توندوتیژەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەزا ڕەمەزانزادە، چالاکی مەدەنی و سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.

بەپێی راپۆرتەکانی کوردپا؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە. هەروەها سزای دوو ساڵ و شەش مانگ دەسبەسەرکرانی ناوبراو، پێوەندیی بە دوو دۆسییەوە هەیە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە تاران دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە هۆی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.

ناوبراو هەروەها لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ٢٤ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕادمەند، بۆ تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. دواتر ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە هۆی بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕەزا ڕەمەزانزادە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لە ساڵەکانی ١٣٩٢، ١٣٩٨، ١٤٠١، ١٤٠٢ و ١٤٠٣ ی هەیە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەمیدیاییکردنی کێشەی بەندکراوان و بەندیخانەکانی تارانی گەورە و وەکیل ئابادی مەشهەد دەسبەسەر و سزای یاسایی دراوە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە لە کوردەکانی خوراسانە کە لە تاران نیشتەجێیە.

پێویستە بوترێ کە ڕەزا ڕەمەزانزادە بە هۆی مانگرتن لە بەندیخانە، تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە.