بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ مانگرتن لە خواردنی محەممەد دانیالی، بەندکراوی سیاسیی ژن، ژیان، ئازادی بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی خراپی دەروونی و ئەو دۆخە نامرۆڤانەی کە تێیدایە

12:14 - 18 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، محەممەد دانیالی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی خراپی دەروونی و ئەو دۆخە نامرۆڤانە و ناداپەروەرانەی کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام تێیدایە، مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ محەممەد دانیالی، چالاکی فەرهەنگی – مەدەنیی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی ئاودانان و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "بنار" لە ئاودانان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە مانی لە خواردن گرتووە. ئەم هەوڵە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕینی محەممەد بە دۆخی ڕاگیرانی لە بەندیخانە و نالەباربوونی دۆخی دەروونیی ناوبراو بووە. ناوبراو پێشتریش لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣؛ محەممەد دانیالی، چالاکی فەرهەنگی – مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "بنار" لە ئاودانان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرابوو.

محەممەد دانیالی خەڵكی ئاودانان لە ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی ٦٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنی – فەرهەنگییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە هۆی بێڕێزی پێ کردن، تاشینی قژ و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.