پیرانشار؛ محەممەد محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی)، هاووڵاتیی خەڵكی شیناوێی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو و ئەم بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرابوویەوە.
ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠١، محەممەد محەممەدی بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش دوو مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.