بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عەبدوڵڵا ئەژیر

14:03 - 26 خاکەلێوه 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی عەبدوڵڵا ئەژیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سەروکانی" سەر بە شاری پیرانشار، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئەژیر بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراودا گرتبوو.

عەبدوڵڵا ئەژیر تەمەن ٤٥ ساڵ، کوڕی مستەفا، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.