کرانەوەی دۆسییەی نوێ دژی محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی شنۆ

٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤؛ محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ و سزادراو بە یەک ساڵ و نیو بەندکران کە زیاتر لە چوار مانگە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی؛ لەگەڵ کرانەوەی دۆسییەیەکی نوێ بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆدا ئامادە بێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لەلایەن لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلای شاری شنۆ و لەلایەن "میرنەقی سەیدڕەزایی" دادیاری ئەم لقە بە محەممەد ڕەسووڵپوور ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کوردپا؛ ئەم ڕاگەیەندراوە ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە بەندیخانەی شنۆ بە محەممەد ڕەسووڵپووڕ ڕاگەیەندراوە.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێ؛ محەممەد ڕەسووڵپوور تاکوو ئێستا چەندین جار داوای زیندانی نیوەکراوەی کردووە بەڵام بە بڕیاری ئیتلاعاتی شنۆ داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.
محەممەد ڕەسووڵپوور ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران بە تۆمەتی "پێوەندی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دواتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرا.
لە کۆتاییدا ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، محەممەد ڕەسووڵپوور، بە مەبەستی جێبەجکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا.
محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١٣٥١، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.