سنە؛ مەحموود نادری پاش بانگکران بۆ ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەحموود نادری" خەڵکی گوندی "دادانەی کەمانگەر" سەر بە بەشی کەڵاتەرزانی سنە، پاش بانگکران بۆ حیفازەتی ئیتلاعاتی هێزە ئینتیزامییەکانی سنە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٦ ساڵە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەمە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی حیفازەتی ئیتلاعاتی هێزە ئینتیزامییەکانی سنە لە گۆڕەپانی ١٢ی فەروەردینی ئەم شارە کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی؛ هۆکاری بانگکران و دەسبەسەرکرانی مەحموود نادری بەکارهێنانی "جامانە" و "جلوبەرگی خاکی" لەلایەن بەشداربووان لە شایی کوڕەکەی ناوبراو لە هۆڵی "مێهر"ی سنە بە نیشانەی پشتیوانی لە ٥٨ هاووڵاتیی کورد بووە کە بە تۆمەتی "هەڵپەڕكێ و شایی و کەڵکوەرگرتن لە هێما" بە بڕیاری "موجتەبا مەحموودی" دادستانی پیرانشار بانگی یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای پیرانشار کران و دۆسییەسازییان بۆ کرا.
پێشتریش چەند جار ئەم هاووڵاتییە بانگی ئیدارەی ئەماکنی هێزە ئینتیزامییەکان کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
مەحموود نادری خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.