ڕاوین مەتاعی، مامۆستای قوتابخانەکانی دێولان لە کارەکەی دەر کرا

ڕاوین مەتاعی، مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەکانی دێولان بە ٢٣ ساڵ پێشینەی وانەوتنەوە لەلایەن لێژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە کارەکەی دەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بەم مامۆستایە کە کارناسی باڵای کیمیایە ڕاگەیەندراوە.
ئەم مامۆستایە پووشپەڕی ١٤٠٣ لەلایەن لێژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، بێڕێزی بە کادرێکی سپای پاسداران، بیڕێزی بە ئایینی ئیسلام و پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بە یەک ساڵ دوورخرانەوە لە کارەکەی سزا درابوو.
ئەم بڕیارە پاش پێداچوونەوەی دووبارە لە لێژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بۆ دەرکرانی هەمیشەیی ئەم مامۆستایە لە کارەکەی گۆڕدرا.