درێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکی ژن لە کوردستان؛ بە دەسبەسەرکرانی لەیلا پاشایی ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە چوار کەس

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی چالاکانی ژن لە پارێزگای سنە، لەیلا پاشایی چالاکی بواری ژنان دەسبەسەر کرا و بەم جۆرە ژمارەی دەسبەسەرکراوانی بواری ژنان لە ماوەی یەک ڕۆژدا لە پارێزگای سنە گەیشتە ٤ کەس.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لەیلا پاشایی چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لەیلا پاشایی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ١٤٠١، لە سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
سوهەیلا مەتاعی، سۆما محەممەدڕەزایی و باران ساعدی سێ ژنی دیکەن کە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لە پارێزگای سنە دەسبەسەر کراون. دەوترێت دەسبەسەرکرانی ئەم چوار چالاکەی بواری ژنان لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە بووە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سۆما محەممەدڕەزایی، تەمەن ٣٧ ساڵ و چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی دێولان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزرا.
سوهەیلا مەتاعی پێشتر دوو جار لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە کوردستان دەسبەسەر کرابوو و هەمان ڕۆژ پاش کردنەوەی دۆسییە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لەلایەکی دیکەوە ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار دەسبەسەر کرا و لە کۆتاییدا بە ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
لەلایەکی دیکەوە، هەمان ڕۆژ باران ساعدی چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنان لە سنە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
باران ساعدی ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢یش لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرا.
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە چالاکانی بواری ژنان و چالاکانی مەدەنی لە سنە، پێکهاتوو لە دایکانی مافخواز، گرووپەکانی ژنان، ژینگەپارێزی، سێنفی و وەرزشکاری بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن ڕێوڕەسمێکی گەورەیان بۆ بەرزڕاگرتنی ٨ی مارس بە خویندنەوەی بەیاننامە، دروشمی یەکسانیخوازانە و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و چالاکان بەڕێوە برد.
هەر لەم پێوەندییەدا چەند کەس لە چالاکانی بواری ژنان و چالاکانی کرێکاری لە ڕێگەی بانگکران بۆ فەراجا (فەرماندەیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) و پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و گوشارخستنەسەریان، هەڕەشەیان لێ کرا کە مافی بەشداری لە هیچ چەشنە کۆبوونەوە و سێمینارێکیان بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان نییە.