بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی کامێران

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی"، "مووسا تابعی"، "جەبار ئیبراهیمی" و "هێمن ئیبراهیمی" خەڵکی کامێران، هەتا ئێستا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە دەسبەسەرن و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا تەنیا پێوەندیی کورت تلفۆنییان لەگەڵ بنمەماڵەکانیان هەبووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چوار هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەیان ڕاگواستن.
مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی خەڵکی گوندی "لۆن سادات" و دانیشتووی تروەڕێز سەر بە شاری کامێرانە، مووسا تابعی خەڵکی گوندی "لۆنەکۆن" و دانیشتووی کامێرانە. جەبار ئیبراهیمی کوڕی بەهرام خەڵکی گوندی "تەختی زەنگی" و دانیشووی کامێرانە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە و هێمن ئیبراهیمی کوڕی سەعید خێزاندارە و خەڵکی گوندی کۆرەدەرە و دانیشتووی کامێرانە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی پاش لەسێدارەدرانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئەم بەندکراوە سیاسییە و ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانی ناوبراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی سێ حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
دواتر ئەم مامۆستا کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی کامێرانەوە بە ٩١ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.