بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن لەلایەن دایکی مافخوازی ڕامین فاتحییەوە

دایکی مافخوازی ڕامین فاتحی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە بەدەستەوەگرتنی وێنەیەکی ڕامین فاتحی و قاپێک کە ڕامین بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن پێشتر پێشکەشی دایکی کردبوو، ڕۆژی جیهانیی ژنی بەرز ڕاگرت.
ڕادا فاتحی خوشکی ڕامین فاتحی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دایکی بە سەردێڕی "دوو قاپ لەنێو دەستی دایک" نووسیویەتی: یەکێکیان ڕۆژێک لەلایەن کوڕەکەی ڕامین لە ٨ی مارسدا پێشکەشی کرا، یادگارییەک لە عەشقێکی بێ کۆتایی، قاپەکەی تر وێنەی هەمان منداڵە کە گیانی لە ڕێگای ئازادی و یەکسانیدا بەخت کرد."
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: دایە نەهیە دایکی گیانلەدەستداوی ڕێگەی ئازادی، ڕامین فاتحی کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا لەژێر ئەشکەنجە کوژرا، ئەمڕۆ جێگای خاڵیی کوڕەکەی بە وێنەکەی و هەر بەو قاپەوە نیشان دەدات. بەڵام ئەم قاپە تەنیا یادگاری نییە، بەڵکوو هاوارە، پەیامێکە لە نەوەیەکەوە کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێ. ئەم دایکە بوێرانە، قەت بێدەنگ نابن. ئەوان درێژەدەرانی ڕیگای منداڵەکانیانن و دەڵێی لە منداڵەکانیان لەدایک بوونەتەوە، خۆڕاگر و ڕاوەستاو هەتا ئازادی."
ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ ڕامین فاتحی تەمەن ٤٨ ساڵ، دوابەدوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سنە، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا لە یەکێک لە گرتنگەکانی سنە کوژرا. ناوەندە ئەمنییەتییەکان هۆکاری مەرگی ناوبراویان "خۆکوژی" ڕاگەیاند و تەرمەکەی بە بێ ئیزنی بنەماڵەکەی لە "بەهەشتی محەممەدی"ی سنە بە خاک سپێردرا.