لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی ژندا؛ سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگی‌بەند بانگی فەراجا کران

18:52 - 17 رەشەمه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، چەند کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژنانی سنە لەوانە سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگی‌بەند بانگی فەراجا (فەرماندەیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) کران و بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگیرا کە نابێ بەشداری لە هیچ چەشنە کۆبوونەوە و سێمینارێکدا بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ چەند کەس لە چالاکانی مەدەنیی ژن و پیاو لە پێوەندی لەگەڵ ٨ی مارسدا بانگی فەراجا کراون و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە مافی بەشداری و بەڕێوەبردنی هیچ چەشنە کۆبوونەوە و سێمینارێکیان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکەی کوردپا؛ بانگکردن، هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵیننامەی نووسراو لە چالاکانی مەدەنی و ژنان لە سنە بە بڕیاری دادستان بووە. لە ئێستادا "محەممەد جەباری" دادستانی سنەیە.

بەهار زەنگی‌بەند، سورەیا خدری و سیمین چایچی چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.

بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مەدەنی و چالاکی ژنان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو دوابەدوای دۆسییەسازیی هێزە ئەمنییەتییەکان لە خوێندن لە زانکۆی ئازادی سنە بێبەری کرا و بانگی دادگا کرا.

سورەیا خدری، چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو هەروەها لە ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٧دا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو. سورەیا خدری لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا ئەندامی دامەزراوەی خێرخوازیی "ڕۆجیاری کوردستان" بوو.

سیمین چایچی، شاعێر و نووسەری سنەییش جیا لەوەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرا، چەندین جار لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە مەدەنییەکان و چالاکییەکانی لە بواری ژناندا بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە.