زیندانی مەهاباد؛ یاسین (ئامانج) مستەفاپوور لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی مانی لە خواردن گرت

٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٣؛ یاسین (ئامانج) مستەفاپوور، لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری مەهاباد، کە لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرابوو، بەهۆی پێنەدانی کەرەستەی ئاسایش لە سەر بڕیاری ئیتلاعاتی سپا، لە زیندانی مەهاباد هەوڵی مانگرتنی ویشکی داوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، ئامانج مستەفاپوور کە زیاتر لە ساڵێکە لە زیندان ڕاگیراوە، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، لە هەمبەر ناڕەزایەتیی بە پێنەدانی کەرەستەی ئاسایش کە لە سەر بڕیاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕوویدابوو، مانی لە خواردن گرتووە. ئەو لە کاتی گوازتنەوەی بۆ زیندان بۆ جێبەجێکردنی ماوەی حوکمەکەی لە سەر بڕیاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە تەواوی کەرەستەکانی خۆشبژێویی و ئاسایش بێبەری کراوە و هەتا ئێستا مافی مەرەخەسیی پێنەدراوە.
یاسین (ئامانج) مستەفاپوور، لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە مەهابادە، کە لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و پاش ٦ مانگ دەسبەسەری بە شێوەی کاتیی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. لە کۆتاییدا، پاش بڕینەوەی حوکمی زیندانییەکەی لەلایەن لقی دووی دادگای کەیفەری و ئینقلاب، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی مەهاباد، ڕاگوێزراوە.
ناوبراو مانگی خەرمانانی ١٤٠٢، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دێهقانزادە" بە تۆمەتەکانی "بەفیڕۆدان و تاڵانکردنی کەلوپەل"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری دەرجە ٥، "هاوکاری لە تێکدانی بەئەنقەستی کەلوپەل"، بە یەک ساڵ و نیم زیندانی تەعزیریی دەرەجە ٦، "گوێنەدان بە هێزە نیزامی و ئینتیزامییەکان" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیریی دەرەجە ٦ و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیریی دەرەجە ٦ و لێدانی ٧٤ قامچیی تەعزیری مەحکووم دەکرێت. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی بۆ لە سەر یەکخستنی ئەو حوکمە، ئەشەدی سزای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، واتە ٥ ساڵ زیندانی ناوبراو دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ئامانج مستەفاپوور لە دۆسییەیەکی دیکەدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
یاسین (ئامانج) مستەفاپوور، تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ئەمیر و خەڵکی شاری مەهابادە.