ناڕوونیی چارەنووسی سێ کۆڵبەری دەسبەسەرکراو لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و برینداربوونی یەکێکیان

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق تەقەیان لە سێ کۆڵبەری کورد لە سنووری مەروێ کردووە کە یەکێکیان لە پشتەوە بەسەختی بریندار بووە. ئەم سێ کۆڵبەرە دواتر لەلایەن ئەم هێزانەوە دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئاسایش لەم سێ کۆڵبەرە، ئەحمەد مەحموودی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "بلەسەن" لە پشتەوە بەسەختی بریندار بووە و دەوترێت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا خەوێندراوە.
هەروەها دوو کۆڵبەری تر بە ناوەکانی ئەرسەلان ئومیدی خەڵکی مەهاباد و محەممەد حوسێنی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بانە لە پاش دەسبەسەرکرانیانەوە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ ئەم ڕووداوە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ڕووی داوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکان تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی ئەم کۆڵبەرانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی وڵامدەر نین.
ئەم کۆڵبەرانە لە سنووری "زڵە"ی کوردستانی ئێران چوونەتە سنووری "مەروێ" لە کوردستانی عێراق و لە سنووری "مەروێ" لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە تەقەیان لێ کراوە و دواتر دەسبەسەر کراون.
ئەحمەد مەحموودی، کۆڵبەری بریندار، خێزاندارە و دوو منداڵی بچووکی هەیە.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: محەممەد حەسەنی، ئەرسەلان ئومیدی و ئەحمەد مەحموودی