شنۆ؛ ڕەحمان تابش، کوورش عەزیزی، هێدی شادیخا و ئەمیر جان گوڵی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەحمان تابش، کوورش عەزیزی، هێدی شادیخا و ئەمیر جان گوڵی، چوار هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێدی شادیخا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و هەر سێ هاووڵاتییەکەی دیکە هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون و لەم ماوەیەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرابوون.
شەوی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، کوورش عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، هێدی شادیخا خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ و ڕەحمان تابش خەڵکی شنۆ و ئەمیر جان گوڵی خەڵكی شنۆ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.