مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی دیاکۆ خزری مامی شاهۆ خزری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی
![](/content/upload/1/news-kurdpa/7117_w1280.jpg)
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دیاکۆ خزری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "شیلاناوێ"ی مەهاباد و مامی شاهۆ خزری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون؛ هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دیاکۆ خزری و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١؛ شاهۆ خزری تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە تەقەی لێ کرا و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی مەهاباد گیانی لەدەست دا. لە بەڵگەی پزیشکی دادوەریدا هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو "بەکەوتنی شتی تیژ و سەخت" ڕاگەیەندراوە.