پاش ٤٠ ڕۆژ؛ چوار کەس لە دەسبەسەرکراوانی شنۆ بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی ئازاد کران
![](/content/upload/1/news-kurdpa/7104_w1280.jpg)
١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵا عومەری، نوورەدین مەلاعەلیزادە، تۆفیق ئەمینی و محەممەد بێهرووزی؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هەرکام لەم هاووڵاتییانە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییانە پاش ٣٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزراون و پاش ١٠ ڕۆژ مانەوە لەم بەندیخانەیە هەرکام بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە ئیتلاعاتی سپای ورمێ لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "هێیە" سەر بە شاری شنۆ بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵا عومەری، نوورەدین مەلاعەلیزادە، تۆفیق ئەمینی و هەروەها محەممەد بێهرووزی خەڵکی میراوێی شنۆ بە شێوەی توندوتیژانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزان.
هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردانە و بە شکاندنی دەرکەی ماڵەکەیان و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.
سەرچاوەکانی کوردپا دەڵێن؛ نوورەدین مەلاعەلیزادە پێشتر چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوو و کەوتبووە بەر لێدان و توندوتیژییەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم کەسانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.