هەڕەشەکردن لە ئارەزوو سەبووری، هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاریی دەسبەسەرکراو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە

19:47 - 11 رێبەندان 2724

١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ ئارەزوو سەبووری هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی دەسبەسەرکراو لە ڕۆژانی ڕابردوو لە سنە، دوابەدوای بەدواداچوون بۆ دۆخی هاوسەرەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئارەزوو سەبووری لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەی، دوابەدوای دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەی هەوڵی بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو داوە کە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کراوە.

ئەمجەد گوریاخێز، لەگەڵ نەعیم دووستی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ دا دوابەدوای مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، وەزارەتی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراوی "لیدەربوونی مانگرتن"ەکە ڕاگەیاندووە و بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەشی درێژ کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمجەد گوریاخێز کێشەی فەقەراتی هەیە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە. بەڵام لە دەسبەسەرکرانیدا ئەم دۆخە لەبەرچاو نەگیراوە و هاوسەرەکەی زۆر نیگەرانی دۆخی ناوبراوە.

بە دەسبەسەرکرانی چیاکۆ قوربە و بانگکردنی ئەحمەد قەمەری، چالاکانی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی چلچەمە، ژمارەی دەسبەسەرکراو و بانگکراوانی سنە لە ماوەی ١١ ڕۆژدا گەیشتە ٢٠ کەس.

کوردپا پیشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەسبەسەرکران و بانگکرانی ١٨ کەس لە سنە کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو کە شێوازی جیاوازی سەرکوت لەوانە بانگکردن، دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر بازاڕییانی بەدواوە بووە.