سنە؛ ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

19:47 - 30 بەفرانبار 2724

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە مەدەنییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە و سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئایدا عەموویی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و بانگ کرابوو و تەنانەت ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش بە هەڕەشە و گوشار پێشیان بە بەشداریی ناوبراو لە کۆبوونەوەی ژنان و چالاکانی مەدەنیی سنە لە بەردەم دادگوستەریی ئەم شارە بۆ مەحکوومکردنی سزای پەخشان عەزیزی کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئایدا عەموویی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.