پیرانشار؛ ئیسماعیل سلێمانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرا
ئیسماعیل سلێمانی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ١٠ مانگ بەندکران، بانگی لقی یەکی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی پیرانشار کرا.
ئیسماعیل سلێمانی لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ١٠٢ دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حامید پەیامەنی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
سزای دیاریکراو لەلایەن دادگای سەرەتایی بۆ ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەسبەسەر و دواتر پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئیسماعیل سلێمانی کوڕی ئیبراهیم، لەدایکبووی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٦٤ی هەتاوییە.